Rebaz Hamlan
25/04/2026
ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٦/٤/٢٥ لە هەولێر بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی ٢١هەمین ساڵیادی دامەزراندنی، سەردانی پارتی چاکسازی تورکمانیمان کرد.
لەو سەردانەدا لە لایەن بەرێزان عبدالقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی و خاتوو منی نبی قهوەجی جێگری سەرۆکی حزب و ئەندامانی سەرکردایەتی پێشوازیکراین، وێڕای پیرۆزبایی دامەزراندن، دەستخۆشیمان لە هەڵوێستەکانیان کرد لە پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان و دەوریان لە بەرگری بەردەوام لە کاری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئایین و پێکهاتەو نەتەوەکان وەک یەک خزمەت دەکات و حکومەتی هەمووانەو بەرپرسیارێتی گرنگ بە پێکهاتە بەرێزەکان دراوەو دەور و کاریگەریان بە تەقدیرەوە لێی دەرواندرێت…
11/04/2026
ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە
هاووڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان و عێراق
ئەمڕۆ، ١١ى نیسانى ٢٠٢٦، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەشێوەیەک پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو، کە لە دەرەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەسەندکراوى ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن بەرنامەى کۆبوونەوەى دیاریکردبوو کە ئەمەش پێشێلکردنى یاسایە، هەروەها ئەو کاندیدەى کە دیاریکرابوو بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لە دەرەوەى ئالیەتى کوردستانى بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقى گەلى کوردستانە نەک حزبێک، بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکى پێکهاتەکانى دیکەى عێراق پەسەندیان کردووە!
بۆیە ئەو شێوازە هەڵبژاردنە ڕەتدەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش فراکسیۆنى پارتیمان بایکۆتى بەشدارى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى کرد، کە دەبوایە دواى بایکۆت کردنەکە ناوى کاندیدى پارتیمان لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە لادرابایە.
لەئێستاشدا بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فڕاکسۆنى پارتیمان لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەتى فیدراڵى عێراق دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.
مەکتەبى سیاسیى
پارتى دیموکراتى کوردستان
١١ى ٤ى ٢٠٢٦
07/04/2026
پەیامی بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
زور غەمبار و دڵگرانم بە بیستنی هەواڵی هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی پێشمەرگەیەک لە سنووری هەولێر کە بووە هۆی شەهیدبوونی خۆی و خێزانەکەی.
بە هەموو شێوەیەک ئەم تاوانە قێزەونە، سەرکۆنە و تاوانباران شەرمەزار دەکەم.
بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل و ماڵی هاووڵاتییان، تاوانی جەنگە و داوای خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دەگەینینە هەموو جیهان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو ستەمکاریەی بەرامبەریان دەکرێت دابندرێت و چیتر بە بیانووی بێ پاساو، پەلاماری خەڵکی کوردستان نەدرێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٤/٧
28/03/2026
پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە لەو كێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەكەدا هەیە بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك خەڵك هەن بە بێ ئەوەی كەس ڕێگرییان لێ بكات، تەركیزی سەرەكییان ئەوەیە چۆن و بە چ ڕێگەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن و هەمیشە بەناهەقی پەلاماری هەرێم و پێشمەرگە دەدەن و دەبنە هەڕەشە لەسەر ژیان و سەقامگیریی خەڵكی كوردستان.
بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیانجار بە زوڵم و بە بێ پاساو بە درۆن و بە موشەك پەلاماری هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی پێشمەرگەیان داوە و خەڵكی بێگوناحیان شەهید و بریندار كردووە. لەوەتای ئەو شەڕەش دەست پێكراوە زیاتر لە 450 جار بە موشەك و بە درۆن هێرشیان كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەر لەو ماوەیە پێنج جار هێرشیان كردۆتە سەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگەمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت. دوێنێش لە شاری دهۆك بە درۆن پەلاماری ماڵی سەرۆكی هەرێمیان داوە. بابەتەكە ماڵ یان بارەگای كەس نیە، هەموو شوێنێكی كوردستان و هەموو ماڵی كوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە.
ئەو جۆرە هێرشانە شەڕفرۆشتنێكی ئاشكران و زوڵمێكی گەورە و زێدەڕۆیی و ناهەقیەكی گەورەن بەرانبەر هەرێمی كوردستان و دەبێ چارەسەرێكی جددی و یەكلاكەوەرییان بۆ دابنرێت. لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەكردن و تەلەفۆن و بروسكە و لیژنە چارەسەر نابن. دەستەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەكلایی بكەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن كە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بكەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بكەن و ئیجرائاتی جددی بكەن كە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان.
لێردەدا دووپاتی دەكەینەوە، گەلی كوردستان بە ئیرادەیەكی پۆڵایین بەرگری لە پەیامی ئاشتیانە و دۆزی ڕەوای خۆی دەكات و هیچ هەڕەشە و پەلامار و دوژمنێك نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشكێنێت.
مسعود بارزانی
29ی ئاداری 2026
28/03/2026
پەیامی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کاک مەسرور بارزانی لەسەر هێرشە تیرۆرستییەکەی ئەمرۆ لە شاری دهۆک کە کرایە سەرماڵی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی …
دەقی پەیامەکە
هێرشی ترسنۆکانەی درۆنی بۆ سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهوک، بە توندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بن و ئەم تاوانبارە لە یاسا دەرچووانە، ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە و سنوورێک بۆ بەردەوامیی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپانە دابنێن. داوا لە کومەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانمان دەکەین یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەموو مافێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆریستانە هەیە و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەگرینە بەر.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/3/28
Click here to claim your Sponsored Listing.
Category
Website
Address
Irbil