Halgurd Samad
29/01/2026
کورد، خیانەتی ڕۆژئاواییەکان
ئەوان کە قەڵای بەرگریمان بوون دژی داعش، ئەدی ئێستا؟
ئەمە ناونیشانی سەر بەرگی گۆڤای (لو پوا- Le Point)ی فەڕەنسییە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بلاوکراوەتەوە.
لە سەروتاری گۆڤارەکەدا کە لەلایەن خاتوو ئەبنوس شەلمانی نووسراوە هاتووە؛
وڵاتانی ڕۆژئاوا کوردی سوریایان کردە قوربانی و لێگەڕان ئەلشەرع ڕژێمە ئیسلامییەکەی بەسەریاندا بسەپێنێت کە هەڕەشەیە بۆ ئازادییە بنچینەییەکان.
٢٠ ی ئەم مانگە، سەرۆکی ئەمریکا کورتەنامەیەکی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاوکردەوە کە لە دێڕێکدا نووسیویەتی هاوڕێم ئێمە دەربارەی سوریا بەتەواوی هاوپەیمان(هاوڕا)ین"
گۆڤارەکە پێیوایە ئەم ڕستەیە واتە وازهێنان لە کورد کە هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژێاوا(ئەمریکا و ئەوروپا) بوون لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا.
بە فشارکردنیش لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەناو هێزەکەی ئەلشەڕعدا بخوێنەوە، کەواتە هاوپەیمانان دەیانەوێ ناوەندێکی بەهێز لە سوریا دروست بێت، ئەمەش بەناو "سەقامگیریی وڵاتەکەوە دەکەن، کە گۆڤارەکە بە "خەیاڵ" ناوزەدی دەکات. ئەمە بۆتە دروستکردنی پشێوی زیاتر و پاکتاوکردنی کەمینەکان لە وڵاتەکەدا و پێشێلکردنی مافەکانی کوردە بەتەواوی.
خاتوو شەلمانی لە وتارەکەیدا تیشک دەخاتە سەر بەندیخانەکانی داعش کە بەدەستی شەڕڤانانەوە بوون و ئێستا کەوتوونەتە دەست هێزەکانی ئەلشەڕع کە هاوسەنگەری داعش بوون، ئەمە بە مەترسییەکی جددی دەبینێ لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ڕۆژئاواش.
هەر لە هەمان ژمارەی گۆڤارەکەدا پەیامنێری گۆڤارەکە لە سوریا(گیۆم پێغیێ) لە ریپۆرتاژێکی ١٦ لاپەڕەییدا باسی دوا ڕووداوەکانی ڕۆژاڤا و هێرشی چەکدارانی شەرع و کوشتاری کورد دەکات و باس لە مەترسییەکانی سەر کۆبانێ و ڕۆژاڤاوا دەکات و ئەمە بە مەترسی لەسەر فرەیی سوریا و ژن و ئازادی دەداتە قەڵەم و دەڵێت ئەمە دەبێتە مەترسییەکی جددی لەسەر لەباربردنی خەونی خۆبەڕێوەبردنی کورد.
هەروەها باس لە مەترسییەکانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکات لە ناوچەکە و مەترسی لەسەر ئەوروپا.
لو پوا؛ گۆڤارێکی هەفتانەی فەڕەنسییە، ساڵی ١٩٧٢ دامەزراوە و ئێستا هەموو پێنجشەممان بە تیراژی ٢٧٧ هەزار لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی جیهاندا بڵاو دەکرێتەوە.
03/09/2025
بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆرستییەی سەر ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی "هێمن مامەند" دەکەین
ئێمە بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستیە دەکەین کە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی "هێمن مامەند"ی کردە ئامانج.
ئەمڕۆ لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی تەققە و دەسترێژی گوللە لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی "هێمن مامەند" کرا و بەسەختی بریندار کرا. لە ئەنجامی ئەو هەوڵە تیرۆرستییەدا، دوو فیشەک بەر جەستەی هێمن مامەند کەوتووە، فیشەکێک بەر قۆڵی و فیشەکێک بەر کەمەری کەوتووە. ئیتر هەوڵ و ئامانج ئەوەیە کوردستان بکەن بە جەهەننەمی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانی کوردستان. ئەم کارە قێزەونە تەنها هێرشکردنە سەر تاکێک نییە، بەڵکو هێرشکردنە بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین و سەرجەم خەڵکی کوردستان. ڕەوشەکە بە جۆرێک ئارایش دراوە، ژیانی هیچ کەسێک پارێزراو و سەلامەت نییە.
ڕۆژنامەنووسان و تێکۆشەرانی وەک هێمن مامەند بەرجەستەی ئەو ئازایەتیە دەکەن، کە ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێن، نادادپەروەری و گەندەڵی ئاشکرا بکەن. خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەبەرامبەر ستەم و چەوسانەوە بکەنە نەریتی شۆڕشگێرانە، بۆ ڕزگاری و بنیاتنانی دونیایەکی باشتر و کوردستانێکی باشتر. بێدەنگکردنیان لە ڕێگەی توندوتیژیەوە هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی کۆمەڵگەی کوردستان. هەوڵێکی ئامانجدارانەیە بۆ ترساندنی دەنگی ئازاد و ئازادیخوازانی کوردستان و ناردنی پەیامی ترسە بۆ هەموو ئەوانەی بەرگری لە ڕاستی و دادپەروەری دەکەن.
لە بەرامبەر ئەو جۆرە توندوتیژیانەدا، پێویستە بەردەوام بین لە گرنگترین پرسیار لەسەر ئەوەی کێ لە ئەنجامی ئەو کارە تیرۆرستیانەیە سودمەندە؟ کێ سوودمەندە لە تیرۆرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەوان و خەڵکی ناڕازی کوردستان؟ کێ قازانج لە ترساندنی ئەو کەسانە دەبینێ کە ئازایانە و بوێرانە قسە دەکەن؟ کێ بە فیشەک و گوللە وەڵامی ڕەخنەگران دەداتەوە؟
سودمەند ئەوانەن کە لە ڕاستی دەترسن، ئەوانەی هەوڵی لاوازکردنی دەنگی ئازاد دەدەن و ئەوانەن کە دەیانەوێت ئەو دەنگانە بێدەنگ بکەن، کە گەندەڵی و نادادپەروەری و سەرکوتکردن ئاشکرا دەکەن. سودمەند ئەوانەن دەیانەوێ بێمافی بەسەر کۆمەڵگای کوردستان بکەن بە یاسا و دەستور. سودمەند ئەوانەن هەموو سەروەت و سامانی کوردستان بە تاڵانی و مافیایی لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن. سودمەند ئەوانەن ئەو بارودۆخ و ڕەوشە نالەبارەیان دروستکردووە.
نابێ تەحەمولی ئەم جۆرە کردەوە سەرکوتگەرانە و تیرۆرستانە بکرێ. ئەو فیشەکانەی بەر هێمن مامەند کەوت ئامانجی هەموو کوردستانە، ئیرادەی هاوڵاتیانی کوردستان بۆ خەباتکردن بۆ مافەکانییان قووڵتر دەکاتەوە.
بانگەواز دەکەین بۆ:
• لێکۆڵینەوەیەکی بە پەلەی سەربەخۆ و شەفاف بۆ ئەم تاوانە تیرۆرستییە.
• دەبێت بکەرانی هێرشەکە و هاوکارانیان ئاشکرا بکرێن.
• دادگاییکردنی تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن.
• گەرەنتی پاراستنی ڕاستەقینە بۆ ڕۆژنامەنوسان، چالاکوانان، و هاوڵاتییان کە بوێرن دەنگیان بەرز بکەنەوە.
• وە بەرگریکردن لە ئازادی دەربڕین وەک بەردی بناغەی داهاتووی کوردستان.
ئێمە بە هاوسۆزی تەواو لەگەڵ "هێمن مامەند " و بنەماڵەکەی، و هەموو داکۆکیکارانی ئازادی لە کوردستان وەستاوین. ڕایدەگەیەنین کە "ئازادی ڕادەربڕین جێگەی دانوستان نییە". هەوڵدان بۆ کوشتنی ڕۆژنامەنووس، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو کۆمەڵگای کوردستان و مافە سەرەتاییەکان. چونکە بەبێ دەنگە ئازادەکان، دادپەروەری و ماف و ژیانی ڕاستەقینە بوونی نییە. دەنگی هێمن مامەند بێدەنگ نابێت. خەباتی ئەو لە دڵی هەموو ئەوانەی پێیان وایە خوشگوزەرانی و مافەکانی خەڵک لە ڕێگای خەبات و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە کۆمەڵگای کوردستان بەدەست دێت بەردەوامە.
بژی ئازادی دەربڕین
مەرگ و ریسوایی بۆ سەرکوتگەران و تیرۆرستان
ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
2025-09-02
Cliquez ici pour réclamer votre Listage Commercial.
Type
Contacter la personnalité publique
Site Web
Adresse
Paris