Hawal.net
15/05/2026
دیدێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک
بەشی دووەم:
هەڵوەشاندنەوەی پارێزگای کەرکووک وەک چارەسەر
شێرکۆ کرمانج
لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە وتارە کە تەرخانکراوە بۆ خستنەڕووی دیدێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک، گفتوگۆی پرسەکەمان کرد لەنێوان بەهەرێمکردن و گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. لەوێ سێ پێشنیازمان تاوتوێ کرد: یەکەم، مانەوەی کەرکووک وەک پارێزگایەک لە عێراق؛ دووەم، بەهەرێمکردنی پارێزگای کەرکووک؛ سێیەم، کەرکووک وەک پارێزگایەک بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان. لەو بەشەدا بەو دەرئەنجامە گەیشتین کە هیچ کام لەم سیناریۆیانە واقیعی نین، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی پارێزگای کەرکووک پێشنیاز کرا، کە لەم بەشەدا شرۆڤەی دەکەین.
بەڵام، سەرەتا دەمەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە لەوانەیە بەخەیاڵی هەندێک کەسدا بێت ئەویش ئەوەیە ئایا دەکرێت لە عێراق هەڵوەشاندنەوەی پارێزگا ئەنجام بدرێت. لە وەڵامدا دەڵێین بەڵێ لە عێراق دا هەر لە سەردەمی مەلەکی تا ئێستا چەندین جار پارێزگای نوێ دروست کراوە و بەردەوام دەستکاری سنووری پارێزگاکانیش کراوە. دواین کار لەم پەیوەندەدا دروست کردنی پارێزگای هەڵەبجە بوو. سنووری هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی سنووری پارێزگاکانی نەکردووە. بۆ نموونە، بەگوێرەی سنووری پێش ١٩٩١ی پارێزگاکانی عێراق بێت بەشێک لە پارێزگای سلێمانی لە ناوچەی بەمۆ دەبێت بخرێتەوە سەر پارێزگای دیالە؛ قەزای ئاکرێ بەشێک بوو لە پارێزگای نەینەوا کەچی ئێستا بەشێکە لە پارێزگای دهۆک و هەرێم؛ مەخمور بەشێک بوو لە پارێزگای هەولێر و دواتر دابڕێنرا و خرایە سەر نەینەوا کەچی ئێستا لە هەندێک ڕووەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمە و لە هەندێک لایەنی دیکە سەر بە نەینەوا‌ـیە. پارێزگای هەڵەبجە بەدابڕینی بەشێک لە پارێزگای سلێمانی لەم دواییەدا دروست کرا.
لێرە مه‌به‌ست و هۆکارەکانی پشت هه‌ڵوه‌شاندنی پارێزگای کەرکووک دەخەینە ڕوو. پێشنیازەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی پارێزگای کەرکووک دەکات و دابەشی دەکات بە سەر سێ ناوچەدا:
ناوچه‌ی یه‌که‌م، ناوچە کوردنشینەکان
هەموو ناوچه کوردییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری شاری کەرکووک، که ئه‌م قه‌زا و ناحیانه ده‌گرێته‌وه: دوبز، پردێ (ئاڵتون کۆپری)، سه‌رگه‌ڕان، شوان، قه‌ره‌حه‌سه‌ن، له‌یلان، تازه و داقوق. به‌گوێره‌ی پێشنیازه‌که ناوچه‌ی یه‌که‌م وه‌ک ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌ستنیشان کراوه ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. دیارە دەکرێت پارێزگایەکی نوێش لەم ناوچانە پێک بهێنرێت، لەناو هەرێم، کە مەرکەزەکەی دەکرێت چەمچەماڵ یان کەلار بێت.
ناوچه‌ی دووه‌م، ناوچە عەرەبنشینەکان
هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاری کەرکووک که زۆرینه‌یان عه‌ره‌بن ده‌گرێته‌وه. ئه‌ویش ئه‌م قه‌زاو ناحیانه‌ن: ڕه‌شاد، ڕیاز، عه‌باسی، زاب، حه‌ویجه. به‌پێی پێشنیازه‌که ئه‌م ناوچانه واچاکه بلکێندرێن به پارێزگای نه‌ینه‌وا یان سه‌لاحه‌دین وه‌ک ئه‌وه‌ی که حکومه‌تی مه‌رکه‌زی له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو پارێزگایه له‌سه‌ری پێکدێت. هاوکات، دەکرێت کە پارێزگایەکی نوێ لەم ناوچانە دروست بکرێت و حەویجە مەرکەزەکەی بێت.
ناوچه‌ی سێیه‌م، مەرکەزی شاری کەرکووک
ئەم ناوچەیە لە گەڕەکەکانی ناو شاری کەرکووک، که سنووری شاره‌وانی شاری کەرکووک ده‌گرێته‌وه، پێکدێت. ده‌کرێت ڕه‌چاوی گه‌شه‌ی دواڕۆژی شاره‌که بکرێت، بۆ ئه‌مه‌ش سنوورێکی زیاتر له‌وه‌ی ئێستا سنووری شاره‌وانییه له‌خۆبگرێت. بەپێی پێشنیازەکە، ئه‌م ناوچه‌یه وه‌ک ناوچه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ ڕادەگه‌یه‌نرێت که سه‌ر به هیچ هه‌رێمێک یان پارێزگایه‌ک نه‌بێت، وەک شاری لۆکسمبۆرگ، شاری واشنتن لە ئەمریکا، یان شاری کانبێرا لە ئوسترالیا.
لە پەیوەند به‌و ناوچانه‌ی که له 1976 له پارێزگای کەرکووک دابڕاون ده‌کرێت به‌بێ گێڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر کەرکووک چاره‌سه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیان بۆ بکرێت به‌مشێوه‌یه:
یه‌که‌م، گێڕانه‌وه‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و که‌لار بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان مانەوەی وەک بەشێک لە پارێزگای سلێمانی، چونکه ئه‌م ناوچانه کێشه‌یان له‌سه‌ر نییه، یان وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، لەگەڵ ناوچە کوردنشینەکانی دیکە کەرکووک کە بەپێی ئەم پێشنیازە دەگێڕدرێنەوە سەر هەرێم پارێزگایەکی نوێی لێ پێک بێت کە سەنتەرەکەی کەلار یان چەمچەماڵ بێت.
دووەم، به نیسبه‌ت قه‌زای کفری و توزخورماتوو ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌و ناوچانه بکرێت که عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و تورکمانیان لێ نیشته‌جێیه. ئه‌و گوند و شاره‌دێیانه‌ی که دانیشتوانه‌که‌یان عه‌ربن یان تورکمانن (نەک گوند و ناوچەی تەعریبکراو) به‌پێی سنووره‌کانیان، ده‌بێت ئازاد بکرێن له‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێم یان هه‌ر پارێزگایه‌کی نزیک لە ناوچەکەیان، که به‌خۆیان دیاری ده‌که‌ن، دیاره ده‌بێ ڕه‌زامه‌ندی حکومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر بێت.
سێیەم، بێجگه له‌و ناوچانه‌ی که عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و تورکمانیان لێیه هه‌موو ناوچه‌کانی دیکه‌ی هەردوو قەزای کفری و توزخورماتوو ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
ئه‌م چاره‌سه‌رییه ته‌نیا بۆ دیاریکردنی سنوور و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی ناسنامه‌ی خاکە (territorial identity)، که وه‌ک پاڵپشتێک بۆ ماده‌ی 140 ده‌کرێت سوودی لێ وه‌ربگیرێت. له په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له‌ی گێڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌به هاورده‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی کورد و تورکمانه ئاواره‌کان واچاکه و دەبێت ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی تا ئێستا که‌ڵکیان لێوه‌رگیراوه وه‌ک قه‌ره‌بۆ و گواستنه‌وه‌ی فۆرمی بایع و نفوس هه‌ر به‌رده‌وام بن تا ئه‌و کاته‌ی عه‌ره‌به هاورده‌کان ده‌چنه‌وه شوێنی خۆیان و کورد و تورکمانه‌کانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه گوند و شاره‌کانیان.
بۆچی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وەی پارێزگای کەرکووک؟
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە ئێمە لێره‌دا باس له ڕەوایی کێشه‌ی کورد و کوردستانییه‌تی تەواوی پارێزگای کەرکووک به بنه‌ما له‌سه‌ر فاکته نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافییه‌کان ناکه‌ین، چونکه نه‌ک کورد بگره زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له دوور و له نزیک ئاگاداری دۆخەکەن، به تورکمان و عه‌ره‌ب‌ـیشەوە، ده‌زانن که نەک هەر کەرکووک بەڵکوو تەواوی پارێزگای کەرکووک بەشێکن لە خاکی مێژوویی و جوگرافیی کوردستان. به‌ڵام پێشنیازه‌که‌ی ئێمە پشتی بە کۆمەڵێک بنەما و فاکتی دیکە بەستوە.
بنەمای یەکەم لە پشت ئەم پێشنیازە، جیاکردنه‌وه‌ی فاکتی مێژوویی و جوگرافی له واقعی سیاسیی و حوکمی مێژوویی. دووه‌م بنەما که ئەم پێشنیازە پشتی پێ به‌ستووە ته‌رازوی هێزه، که فاکته‌رێکی سه‌ره‌کییه له یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان به‌گشتی و کێشه‌ی کورد به‌تایبه‌تی، نه‌ک هه‌قانیه‌ت و فاکته مێژووییه‌کان. بنه‌مایەکی دیکە کە لەم پێشنیازە ڕەچاوکراوە "فره-خۆبەخاوه‌نکردنی" کەرکووک‌ـه. بۆیه بنه‌مای قازانجی هه‌موو لایه‌ک کراوه‌ته پێوه‌ر نه‌ک به‌ته‌نیا به‌رژه‌وندی و تێڕوانینه کوردستانییه‌کان. به‌ده‌ربڕینێکی دیکە، ئه‌م بابه‌ته هه‌وڵدانێکه بۆ ڕازیکردنی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان؛ کورد، عه‌ره‌ب، تورکمان، تورکیا و ئه‌مریکا. ناشبێت ئەوە لەبیر بکەین کە سێ سیناریۆکەی دیکە (کە لە بەشی یەکەمی ئەم وتارە شرۆڤە کران) به بنبه‌ست گه‌یشتوون. ئەم پێشنیازە بنه‌مای به‌خشینی به‌شێک له خاک له پێناوی به‌ده‌ست هێنانی ناسنامەی خاک و ڕه‌خساندنی زه‌مینه بۆ نیشتیمانسازیی (nation building)ـیش بە هەند وەرگرتووە. لەم بەشە و لە بەشی داهاتوودا وردتر تیشک دەخەینە سەر یەکە بە یەکەی ئەم بنەمایانە و شرۆڤەیان دەکەین.
1. خاک کڕۆکی کێشه‌ی کوردە و سیاسه‌تیش هونەری مومکینه‌کانه
تێگەیشتنێک کە کراوە بە بنەمایەک بۆ نزیکبوونەوە لە پرسی کەرکووک لەم پێشنیازە ئەوەیە کە له سیاسه‌ت هه‌ق و ڕاستیی کافی نین بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه سیاسییه‌کان. لەبەرئەوە ئه‌م پێشنیازە بنه‌مای له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه سیاسییه داناوە که ده‌ڵێت "سیاسه‌ت هونەری مومکینه‌کانه". ئەمە مانای ئه‌وه‌یه که کوردستانییه‌کان، لانی کەم لەم قۆناغەدا، هه‌ر دەتوانن ئه‌وه‌یان ده‌ستکه‌وێت که مومکینه و له توانایادایه نه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌قییانه و خه‌ونی پێوه ده‌بینن. ئه‌م ڕێگاچاره‌یه‌ی که پێشنیازکراوه، له بری له به‌رچاو گرتنی هه‌قیقه‌ته مێژوویی و جوگرافییه‌کان، پشت به‌و ڕاستییه‌ش دەبەستێت که ناسنامه‌ی (شوناسی) خاک کڕۆکی سه‌ره‌کی کێشه‌ی کورد پێک ده‌هێنێت له عێراق دا، کەرکووکیش له‌وێدا گرێیە سەرەکییەکەیە، ئەگەر نەڵێین چەقی پرسەکەیە. بۆیه، به‌پێی ئیمکان گێڕانه‌وه‌ی به‌شێکی به‌رچاوی خاكی کوردستان، که وه‌ک "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم" لەلایەن کوردستانیان و "ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان" لەلایەن عێراقییەکان‌ـەوە پۆلێن کراون و ناسێنراون، باشتره له له‌ده‌ستدانی هه‌موو ئه‌و ناوچانه.
جه‌وهه‌ری کێشه‌ی کورد له عێراق به‌رهه‌می ململانێی نێوان سێ ناسیونالیزمه، ئه‌وانیش ناسیونالیزمی عه‌ره‌بیی (pan-Arabism) و ناسیونالیزمی عێراقیی (Iraqi nationalism) و ناسیونالیزمی کوردستانیین. ململانێکه‌ش له‌سه‌ر ناسنامەی عێراق و ناسنامەی کورد و کوردستانە له عێراق.
کێشه‌که خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه که هه‌ر دوو ناسیونالیزمی عه‌ره‌بیی و عێراقیی به‌گشتی پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن که "عێراق یه‌ک پارچه‌یه و دابه‌ش نابێت" (جزء لا یتجزء) و به‌شێکیشه له نیشتیمانی عه‌ره‌ب (وه‌ته‌نی عه‌ره‌بی) یان نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب (ئومه‌ی عه‌ربی). له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا ناسیونالیزمی کوردستانیی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که "کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه" و خاکه‌که‌ی واته کوردستان به‌شێک نییه نه له عێراق و نه له نیشتیمانی عه‌ره‌بیی.
به بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌م دوو تێڕوانینه دژ به یه‌که ده‌توانم بڵێم که کێشه‌ی کورد له عێراق دا ته‌نیا کێشه‌ی ناسنامەی ئیتنیی (نەژادی) نییه به‌ڵکوو کێشه‌ی ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی و ناسنامەی خاکە (national and territorial identity).
گرووپی ئیتنی و گرووپی نه‌ته‌وه‌یی به‌وه لێک جیا ده‌کرێنەوە که گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان داخوازی ناسنامەی خاک تێکه‌ڵ به داخوازییه ناسیونالیستییه نه‌ته‌وه‌ییه کولتوورییە‌کان ده‌که‌ن. به‌ڵام گرووپی ئیتنی ته‌نیا داوای مافه کو‌لتووریی و زمانییه‌کان ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش به‌گشتی له‌به‌رئه‌وه‌یه که گرووپه ئیتنییه‌کان په‌رشوبڵاون و خاکێکی مێژوویی، یه‌کپارچه‌ی، درێژکراویی نیشته‌جێبوو له‌سه‌رییان نییە، وەک تورکمانەکان لە عێراق. بەڵام کورد له عێراق دا خاکێکی مێژوویی یه‌کپارچه‌ی درێژکراوییان هه‌یه، بۆیه، بۆ کورد، ڕێگه‌چاره ته‌نیا داننان نییه به ناسنامەی کورد له عێراق به‌ڵکوو داننانه به سنووری کوردستان چ وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ یان وه‌ک هه‌رێمێک له چوارچێوه‌ی عێراق (فێدراڵی یان کۆنفێدراڵی). واته، داننان به ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی (national identity) و ناسنامەی خاک (territorial identity).
ده‌ستوری 2005ی عێراق دانی ناوه به ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی کورد. مادده‌ی سێی ده‌ستوره‌که ده‌ڵێت عێراق وڵاتێکه له نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزای جیاجیا پێکهاتووه. له ماده‌ی چواریشدا هه‌ردوو زمانی کوردی و عه‌ره‌بی وه‌ک زمانی فه‌رمی ناسێندراون. ئه‌م دانپێنانه هه‌ندێک شه‌رمنانه‌یه و پڕ به پێست نییه. هه‌مان ده‌ستوور، نه‌خشه‌ڕێگاشی دیاری کردووه بۆ چارسه‌رکردنی ناسنامەی خاک، ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی کوردیی به دیاریکردنی چاره‌نووسی ناوچه کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم به‌پێی مادده‌ی 140 ناسراوه.
ئێستا کۆمه‌ڵێک هه‌وڵ له گۆڕێدان بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌م مادده‌یه. له‌هه‌مانکاتدا، چه‌ندین که‌س و لایه‌ن هه‌ن که ده‌یانه‌وێت هه‌وڵه‌کان له‌باربه‌رن و مادده‌که هه‌ڵوه‌شێننه‌وه. هه‌وڵه‌کان زۆربه‌یان به بنبه‌ست گه‌یشتون و موئامه‌ره‌کانیش ڕۆژانه له زیادبووندان. بۆیه، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی جددی له‌م پێشنیاز و چارەسەرەی لێرەدا خراوەتە ڕوو کاتی هاتووه چونکه بە تێپەڕینی کات کێشه‌که ئاڵۆزتر ده‌بێت.
2. فرەیی کەرکووک، ته‌رازووی هێز و چارەسەری واقعیانە
هێز له ململانێ سیاسییه‌کان زۆرجار فاکته‌ری یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌یه، بۆیه چاوخشانێک به ته‌رازوی هێزی لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان پێویستییه‌که بۆئه‌وه‌ی شوێنی کوردستانییه‌کان له‌م هاوکێشه‌یه‌دا دیاری بکرێت.
دوور له ڕاستی نییه، ئه‌گه‌ر بڵێین تورکمانه‌کان له ناوخۆدا لاوازترین لایه‌نن لە هاوکێشەکاندا، چونکه زۆر په‌رشوبڵاو و ناڕێکن له‌گه‌ڵ یه‌کدا. له ده‌ره‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی تورکیا پشتیوانیان لێ ده‌کات باره‌که‌یان تاڕاده‌یه‌ک پارسه‌نگ بۆته‌وه. تورکیا هەندێک جار ئەگەر لە ڕێی پشتیوانی تورکمانەکانیش نەبێت ئەوە بە دابەشکردنی لایەنەکانی دیکە، وەک دابەشکردنی کورد لە دوایین ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (٢٠٢٤)، کوردی لاواز کردووە. بەمەش تورکمانەکان بەهێزتر دەردەکەون، لانیکەم لە یاری کردن لەنێوان هێزەکانی دیکەدا. تورکمان له گه‌ڕانه‌وه‌ی پارێزگای کەرکووک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان قازانجێکی زۆر ده‌که‌ن و به نه‌گه‌ڕانه‌وه‌شی گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ندن، چونکه توانا‌و یه‌کپارچه‌ییان لاواز و فشۆڵ ده‌بێت. بەڵام بۆ ڕازیکردنی تورکیا دژی بیرۆکەی گەڕانەوەی کەرکووک‌ـن بۆ سەر هەرێم.
لە بەرانبەردا، توانا و هێزی کورد، لانی کەم لە بیست ساڵی ڕابردوودا، هەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. بۆ نموونە، لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ بەهێزترین هێزی پارێزگاکە بوون، لە دوای دەرچوونی هێزەکانی سوپای عێراق لە ئاکامی هێرشەکانی داعش، تای تەرازوو هێندەی دیکە بەلای کورد دا شکایەوە. کورد بوو بە هێزێکی بێڕکابەر لە ٢٠١٤ تاوەکوو ٢٠١٧. بەڵام بە دەرپەڕاندنی دەسەڵاتی کورد لە پارێزگاکە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هێزی کورد بە لە دەستدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و دەرچوونی ئاسایش، زۆر لە لاوازی‌دا، بەتایبەتی کە ئەو ڕووداوانە بوون بە دروستبوونی درزێکی گەورە لەنێوان پارتی و یەکێتیی.
هەر چۆنێک بێت، لە ٢٠٢٤ـەوە بەتایبەتی دوای وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و بردنەوەی نزیکەی نیوەی کورسییەکانی ئەنجوومەن (کورد ٧؛ عەرەب ٦؛ تورکمان ٢؛ کرستیان ١؛ ئەوەی کۆتایی پاڵیان بە کورد داوە)، تای تەرازوو بەلای کورد دا شكاوەتەوە بەڵام دووبەرەکییەتەکەی نێوان پارتی و یەکێتیی ناهێڵێت وەک پێویست کەڵک لەو گۆڕانکارییە نوێیانە وەربگیرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا، کورد، له‌ناوخۆ له‌وانه‌یه ئێستاکانه له هه‌ردوو لایه‌نه ناوخۆییه‌که، تورکمان و عه‌ره‌ب، به‌هێزتر بێت، نەک لەبەر یەکگرتووی کورد، بەڵكوو لەبەر پەرشوبڵاوی عەرەبەکان و تورکمانەکان. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیربکه‌ین که ئه‌و یه‌کڕیزییه‌ی نێوان هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی کوردستان؛ یه‌کێتیی و پارتی یه‌کڕێزیی و هاوپه‌یمانییه‌کی ستراتیجی و تۆکمه نییه و زۆر فشۆڵه، هەندێ جاریش لەبەرەی دژ بەیەکن، وەک ئێستا (٢٠٢٤-ئێستا). تا ئێستا هێزی پێشمه‌رگه لە هەرێم یه‌کی نه‌گرتۆته‌وه و وه‌زاره‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی وه‌ک دارایی و ناوخۆش هێشتان هه‌ر ماڵیان تێکه‌ڵ نه‌کردۆته‌وه.
له په‌یوه‌ند به باسه‌که‌ش لاوازترین خاڵی کوردستانییه‌کان نه‌بوونی گوتار و ستراتیجیه‌تێکی هاوبه‌شه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کەرکووک، به‌تایبه‌تی شێوازی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ناو کەرکووک لەلایەک و هێزە عێراقییەکان و ئێران و تورکیا لەلایەکی دیکە.
بێجگه له‌مانە، مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵیی و ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی و نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت هه‌مووی به‌سه‌ریه‌که‌وه بووه‌ته هۆی لێکترازان و لاوازبوونی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوەر (state society relation)، هەروەها دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن. جه‌ماوه‌ری کوردستان خه‌ریکه نامۆ ده‌بن به ده‌سه‌ڵات، بەتایبەتی دوابەدوای بەرتەسکردنەوەی ئازادی و ئازار و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕووناکبیرانی کوردستان. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی، هێرشکردنە سەر بەرەی گەل بە سەرکردایەتی لاهور شێخ جەنگی، هاوکات، دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید لەلایەک و چەندبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی لە هەولێر، هێندەی دیکە خەڵکی کوردستانی بێ‌ئومێد و بێزار و توڕە کردووە.
لەمەڕ پشتیوانی ده‌ره‌کی، ئه‌وه واقیعێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره که له‌م بواره‌دا کورد بێ پشتیوانیترین لایه‌نه. کورد هه‌ندێک دڵی به ئه‌مریکا و بوونی هێزی ئه‌مریکی له عێراق دا خۆشە، ئەگەر هێزە ئەمریکییەکان بارەگاکانیان لە عەینل ئەسەد و شوێنەکانی دیکە بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەشێوەیەکی کاتیی نەبێت بەڵکوو لەوێ جێگیر بکرێن و بمێننەوە، ئەوا تەرازووی هێز لە قازانجی کوردستانیان دەگۆڕێت. خۆ ئەگەر ئەمریکییەکان بەیەکجاریی و بەتەواوی هێزەکانیان لە کوردستانیش ببەنە دەرەوە ئەوە تەرازوی هێز بەدژی هەرێم و کوردستانیان کۆتایی پێ دێت. له‌لایه‌کی دیکه ئه‌گه‌ر ئەمریکا هه‌ر هێزێکیشی له عێراق دا بمێنێته‌وه ئه‌وه لەوانەیە به پێکهاتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدرالیی بێت، نه‌ک هه‌رێم. ئه‌وه‌ش له‌بیرنه‌که‌ین که کوردستان هه‌رچوار ده‌وری به نه‌یارانی کورد چێنراوه.
عه‌ره‌بی عێراقی ئێستاکانه یه‌کڕیزییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه، به‌ڵام نابێ ئه‌و ڕاستییه پشتگوێ بخرێت که له ئاست ناوچه دابڕاوه‌کان هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی لایه‌نه‌کان ئه‌گه‌ر وه‌ک یه‌کیش نه‌بێت لێک نزیکه، بە سوننە و شیعەوە.
ئەوەی لەم ماوەیە لایەنە عێراقییەکانی، بەتایبەتی شیعەکان، زیاتر دابەش و لاواز کردووە، هەڵوێستیانە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران. لایەنە نزیکەکان لە ئێران، ترسێکی زۆریان لێ نیشتووە، ترسی ئەوەیان هەیە گورزوەشاندنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتە هۆکاری لاوازبوونیان، بەتایبەتی ئەوەی وەک "بەرەی موقاوەمە" ناسراوە و لە ئێران نزیکن. بەڵام بەگشتی لەبەرانبەر هەرێمدا هێشتان هەر سەرکێشی و هەڕەشە دەکەن و ناوەناوەش هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان. لە دوای گەڕی دووەمی شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل لە دژی ئێران هێرشەکان زۆر بەربڵاوترن و هەموو بنکە و بارەگایەکی گرتۆتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، مەگەر گورزی جەرگبڕیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل‌ـەوە بەرکەوێت، ئەگەرنا تای تەرازوو هەر بەلای لایەنە عێراقییەکانەوەیە.
لە ئاستێکی دیکە، بە کشانەوەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان و بردنی کورسییەکانی لەلایەن لایەنە شیعییە نزیکەکان لە ئێران، پارسه‌نگی هێزه‌کان له عێراق به ئاراسته‌یه‌ک گۆڕا که له قازانجی کورد دا نەبوو. هاوکات، ئه‌وه‌ش نابێت له‌بیربکه‌ین که عه‌ره‌ب پشتێنه‌یه‌کی ئه‌ستوور و پاڵپشتێکی ده‌ره‌کیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه، چ سوننەکان چ شیعەکان.
لێره‌دا، باس له توانا و هێزی سه‌ربازی و دیپلۆماسی تورکیی و ئه‌مریکی ناکه‌ین چونکه به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ تواناکانی کورد و تورکمان و عه‌ره‌بی عێراقی به‌راورد ناکرێن.
له ده‌رئه‌نجامی خستنه ڕووی تواناکانی لایه‌نه په‌یوه‌ندارکانی کێشه‌که، بۆمان دەردەکەوێت که لایه‌نی کوردی له‌م هاوکێشه‌یه‌دا ئەگەر لاوازترین نەبێت ئەوە بەدڵنیاییەوە لەلایەنی عێراقی (شیعە و سوننە بەسەر یەکەوە یان تەنیا شیعە) لاواز دەردەکەوێت. ئەمەش ناچاری دەکات کە دەستبەرداری هەندێک ناوچەی کوردستانی بێت کە بە حوکمی مێژوو لە کوردستانییبوون خراون، وەک حەویجە و دەوروبەری.
لە بەشی سێیەم و کۆتایی درێژە بە گفتوگۆ و شرۆڤەی بنەماکانی پشت ئەم پێشنیازە دەدەین و قسە لەسەر چی بکرێت و چی نەکرێت وەک چارەسەر.
ماویەتی............
ڕۆژنامەی هەواڵ ژمارە 815
2026/5/15
15/05/2026
جیهادی لایک و سوپای تەکفیر
د. مەجید ساڵح
لە کۆمەڵگەیەکدا کە مەفروز وابوو تێیدا مردن کۆتایی بە هەموو رق و کینە و بوغزێک بێنێت، دەبینین ئەمڕۆ پێچەوانەی داب و نەریتی باوک و باپیرانمان کە دەیانووت "ئەگەر مرۆڤ مرد، تەنانەت شەیتانیش وازی لێ دەهێنێت"، وادیارە شەیتانەکانی سەردەمی سۆشیاڵ میدیا ئەم پەندە کوردییەیان وەلاوە و دوای مردنیش واز لە مردووەکان ناهێنن، بەڵکو شەیتانە گەورەکان سوپایەک زەبەلاح شەیتانی جۆراوجۆر، خوێنەوار و نەخوێنەوار لە پشت شاشەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر هەر خاوەن فیکرێک ئامادە دەکەن. پێچەوانەی جاران کە دەیانووت "دوای مردن ڕەحمەت چاکە" ئەمڕۆ مەرگ بووەتە سەرەتایەکی ترسناک بۆ شەپۆلێکی نوێی هێرش و ڕقوکینە بۆ کەسی مردوو.
کۆچی دوایی بیرمەندێکی وەک فاروق ڕەفیق تەنها ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی نوێ بوو بۆ دەرخستنی ئاستی توانای ئێمە لە سەردەمی سۆسیال میدیادا بۆ ڕێزگرتن لە مردووان. پرسیارە بەژانەکە ئەوەیە: ئایا هێشتا مردوو لای ئێمە قەدر و حورمەتی جارانی ماوە؟ یان ئەویش وەک هەموو دیاردەجوانەکانی دیکەی کۆمەڵگەکەمان گۆڕاوە بۆ بازاڕێکی کراوە بۆ ڕاوە "لایک" و بەرزکردنەوەی ڤی‌و؟ جێگەی داخی زۆرە، هەندێک لەوانەی خۆیان وەک پارێزەری دین نیشان دەدەن، لە ساتە خەمناکەکاندا لە هەموو کەسێک زیاتر ڕەق و کینەی خۆیان هەڵدەڕێژن بە شێوەیەکی بریندارکەر دەردەکەون، وەک بڵێی لە مردن‌دا هەلێکیان بۆ پاکتاوکردنی حیساباتی خۆیان دۆزیوەتەوە.
ئەمە دەکرێت ناوی بنێین "ئیسلامی سۆشیاڵ میدیا"؛ دیاردەیەک کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسلامی کوردییەوە نییە کە بووەتە ڕەوشتێکی ئایینی ڕەسەن لە کۆمەڵگەکەماندا.
ئەم "ئیسلامی سۆشیاڵ میدیا"یە بەیانیان خەریکی تەکفیرکردنی یەکترین، نیوەڕوان بوختان بۆ نامووس و شەرەفی نەیارەکانی یەکتر دەکەن، کاتێکیش کەسێک کە جیاواز لەوان بیردەکاتەوە و ڕایەکی ئازاد دەردەبڕێت، لەناکاو لەسەر مەزهەبی "انصر أخاك ظالماً أو مظلوماً" ڕیزەکانیان لە هەڵمەتێکی بەکۆمەڵدا یەکدەخەن؛ نەک بۆ بەرگریکردن لە حەقیقەت، بەڵکو بۆ بێدەنگکردنی هەر دەنگێکی جیاواز.
مەترسییەکە لێرەدا تەنها لە وشەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە ڕێگە بۆ تیرۆری مەعنەوەی خۆش دەکەن. بە واتایەکی دیکە ئێمە ئێستا لەبەردەم جۆرێک لە "تیرۆری مەعنەوی"داین، کە تێیدا زمان دەبێتە ئامرازێکی سەرکوتکردن، و پێش ئەوەی جەستەکان بکوژرێن، بەهاکان تیرۆر دەکرێن. کاتێک فەزای گشتی پڕ دەبێت لە جنێو و سووکایەتی، ڕێز نامێنێت، گفتوگۆ ون دەبێت، و توندوتیژی دەبێتە ئەگەرێکی زۆر نزیک. ئەو وشەیەی ئەمڕۆ وەک چەک بەکاردێت، ڕەنگە سبەی ببێتە کردار.
لێرەدا پرسیارێکی تر سەر هەڵدەدات: دامەزراوەکان لە کوێن؟ ئایا دەکرێت "تەکفیر" کە مەترسیدارترین شێوازی هاندانە بۆ توندوتیژی، بەبێ لێپرسینەوە بمێنێتەوە؟ ئەو کەسەی ئەمڕۆ لە پشت شاشەی مۆبایلەکەیەوە ڕاهاتووە لەسەر پێشێلکردنی کەرامەتی مردووان، ڕەنگە سبەی سڵ نەکاتەوە لە پێشێلکردنی کەرامەتی زیندووەکان لەناو شەقامدا. مەودای نێوان وشە و کردار ئەوەندە دوور نییە کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە.
لەم دۆخەدا، بێدەنگی چیتر بژاردە نییە. بێدەنگی جۆرێکە لە هاوکاریی ناڕاستەوخۆ. پێویستە ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئازادیی فکر هەیە دەنگیان هەڵبڕن؛ نەک تەنها بۆ بەرگری لە کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە پرەنسیپێک: مافی جیاوازی، ئازادیی ڕادەربڕین و کەرامەتی مرۆڤ، چ زیندوو بێت و چ مردوو.
فاروق ڕەفیق وەک نموونەیەک، تەنها تاکێک نەبوو، بەڵکو هێمای قەڵەمێک بوو کە بەدوای حەقیقەتدا دەگەڕا. ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی ئایینەوە هێرشی دەکاتە سەر، باشترە ئەوە بزانێت جەوهەری ئایین پەروەردەکردنی مرۆڤە، نەک سووکایەتیکردن پێی.
لە کۆتاییدا، ئەو وتەیەی پیرەمێردی مەزن، وەک ئاوێنەیەک، هێشتا توانای ئەوەی هەیە ڕاستییەکان دەرخات بنوێنێت:
ئەگەر تۆ باوکی خۆتت خۆش ئەوێ
جوێن مەدە، نەوەک جوێنی بەرکەوێ
کە ئێشی دەرزیت بێتەوە بەرچاو
سووژن بە خەڵکا ناکەی ناحساو
مردوو کە شەیتان یەخەی بەرداوە
هەرچی جنێوی پێدا بەدناوە!.........
ڕۆژنامەی هەواڵ ژمارە 815
2026/5/15
15/05/2026
پانۆرامای به‌شێك له خه‌مه‌كانی نیشتیمان
ڕابه‌ر ڕه‌شید ـ پردێ
(9)
ئه‌رێ چه‌كه‌كانی ئه‌مریكا لای كامیانه؟!
له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی له ناونیشانی ئه‌م سه‌ردێڕه‌دا سه‌رنجی ڕاكێشاوم و بۆته مه‌راقم بیزانم، ده‌بێ ئه‌و چه‌كانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕۆژانه به چاوی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووریدا ده‌داته‌وه، كه گوایه چه‌كی بۆ هێزه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ناردووه و لێره؛ له هه‌رێمی كوردستان ـ به قودره‌تی قادر ـ بیلا مانێ وه‌كو "تڕی بن گۆمێ، ون بوون" و هیچ شوێنه‌وارێكیان نه‌ماوه و كه‌س نازانێت چۆن و كێ بردوونی!
مرۆڤ به‌م هه‌واڵه تووشی شۆك ده‌بێت و باوه‌ڕ به‌وه ناكات كه له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه گوێی لێ ده‌بێت. تۆ له‌وه گه‌ڕێ كه لێره‌و له‌وێ باس ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی زیاتر مایه‌ی سه‌رسووڕمانه، تاوانباركردنی یه‌كترییه، مه‌به‌ستم هه‌ردوو حزبه زلهێزه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه، چ له ڕێگای ڕاگه‌یاندنه سێبه‌ر و دابه‌سته‌كانی خۆیانه‌وه و چ به ئاشكراش له‌سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانه‌وه و به خوێنێكی سارده‌وه باس له‌م پرسه هه‌ستیاره ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی ده‌سكه توورێكی ڕزیو بكه‌ن، ئه‌ویان ده‌ڵێ: لای ئه‌میانه و ئه‌میان ده‌ڵێ: لای ئه‌ویانه!
ئه‌وه‌ی زۆریش لێی دڵنیام، ئه‌وه‌یه كه خودی ئه‌مه‌ریكا باش ده‌زانێت كه ئایا ئه‌و چه‌كانه‌ی "ترامپ"ی سه‌رۆك، چه‌ندین جار به ئاشكرا باسی ده‌كات ـ ئه‌مه ئه‌گه‌ر پرسێكی له‌وجۆره له ئارادا هه‌بێت و هه‌ڵبه‌ستراو نه‌بێت ـ چی‌یان لێهاتووه و كێ و چۆنیش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، به‌ڵام بۆچی ئه‌مه‌ریكا خۆی لێ كردۆته "كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت" و ڕه‌پوڕاست ناڵێ: فڵانی ئه‌و چه‌كانه‌ی لاتن، بۆمانی بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی "گا سووره‌ی دونیایێ" له‌وه زیاتر تووڕه ببێت و "دۆ و دۆشاوێ تێكه‌ڵ بكات" و ئه‌م هه‌رێمه‌ش به ده‌ردی ده‌یان ناوچه و نیشتیمان و وڵاتی دیكه به‌رێت!
ئه‌رێ ئێوه ئه‌م یه‌كتری تاوانباركردنانه‌تان له چی هه‌ی ماڵتان وێران بێت، وا ماڵتان وێران كردین. ئه‌وه‌ی له به‌زمی ئه‌م چه‌كانه‌ش ـ وه‌كو هاووڵاتییه‌كی ئاسایی ـ زۆر نیگه‌ران و بێزاری كردووم، چاوقایمی هه‌ردوو هێزی ئه‌ملاو ئه‌ولای هه‌رێمه، كه به شێوه‌یه‌كی ئاسایی یه‌كتری تاوانبار ده‌كه‌ن، تا حاڵ گه‌یشته ئه‌وه‌ی به شێوه‌ی فه‌رمی و له‌سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانه‌وه تۆمه‌تباركردنه‌كه بگاته ئه‌وپه‌ڕی و بێ پێچ و په‌نا دیارنه‌مانی چه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بخه‌نه ئه‌ستۆی یه‌كتری!! هه‌رچه‌نده ئێستاش به دروستی ـ وه‌كو هاووڵاتییه‌ك ـ نه‌مزانی ئه‌و چه‌كانه ـ ئه‌گه‌ر هه‌بن ـ لای كێن و چۆن توانراوه وا به ڕۆژی ڕووناك دیزه به ده‌رخۆنه بكرێن" و وه‌كو به‌ردی بن گۆمیان لێ بێت؟! ئه‌رێ به ڕاست ده‌بێ چه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لای كێ و له كوێ بن؟!
.........
زۆر ده‌ترسم حزبێكی كوردی بڵێ؛ عه‌جاج ته‌نزیمی ئێمه بووه!!
به پێی ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی تا ئێستا حزبی كوردی ـ به تایبه‌تی باڵاده‌سته‌كانیان ـ به‌سه‌ر ئه‌م له‌ته نیمچه ڕزگاركراوه‌ی كوردستاندا هێناویانه و دوای زیاتر له (35) ساڵی حوكمڕانی ـ به حیساب ـ خۆماڵی، كه‌چی نه كه‌س متمانه‌ی به كه‌س ماوه و نه هیچ حزب و لایه‌نێكیش به یه‌كتری.
دوای دۆزینه‌وه و ده‌ستگیركردنی گه‌وره تاوانبارێكی وه‌كو "عه‌جاج"ی خوێن‌ڕێژ و كوردكوژ، له‌لایه‌ن خانمه كه‌سوكار ئه‌نفالكراوێكه‌وه و به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌م دانیشتنی دادگایی كردنی له به‌غدای پایته‌خت، بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌م به مێشكدا هات، یان ڕوونتر؛ ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو: تۆ بڵێی ئه‌مجاره‌ش حزبێكی كوردی، هێز نه‌داته به‌رخۆی و به ئاشكرا نه‌ڵێت: كاكه واز له‌و پیاوه تێكۆشه‌ره بهێنن، ئه‌وه ته‌نزیمی خۆمان و سه‌ربه‌خۆمان بووه؟! هاوشێوه‌ی ئه‌و گه‌وره تاوانبارانه‌ی دیكه كه چ له سلێمانی و چ له هه‌ولێریش ژیان و پاسه‌وانیش كران و هه‌ندێكیان به‌ره‌و هه‌نده‌رانیش ڕه‌وانه كران؟
كادیر و لایه‌نگری هیچ حزبێكیان نكۆڵی له‌وه نه‌كات، ئه‌گه‌رنا چه‌ندین نموونه‌ی له‌و گه‌وره تاوانبارانه هه‌بوون و تا ئێستاش بوونیان هه‌یه و ـ موعه‌ززه‌ز موكه‌ڕه‌م ـ له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ژین و كه‌س پێیان ناڵێت "له‌سه‌ر چاوتان برۆیه". خۆ ئێستاش ده‌یان گه‌وره موسته‌شار و جاشی ئه‌نفالچی له هه‌رێمدا ده‌ژین و نه‌ك سزا نه‌دراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆریان له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقیشه‌وه، وه‌كو تاوانباری ئه‌نفال داواكراویشن، كه‌چی له هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك خێڵ و دیوه‌خان و ئه‌هلی سوڵح و مه‌سڵه‌حه‌تن!!.......
شێخی علوج و گه‌رمكردنی دیوه‌خانی خێڵ..!!
تۆ وه‌ره سه‌یری ئه‌م نه‌گبه‌تییه‌ش بكه، سه‌رباری نه‌گبه‌تییه‌كانی دیكه؛ كاكه مه‌به‌ستم ئه‌م هه‌موو شێخی علوج و موشایه‌خه‌یه، كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و هه‌ردوو حزبه حه‌یاته‌كه‌وه، ڕیزیان سواره و كێبڕكێیه‌كی ئه‌وه‌نده گه‌رم ده‌ستی پێكردووه، هه‌ر هۆز و خێڵ و بنه‌ماڵه‌یه‌ك دوو شێخ و دوو كوێخا و دوو برا گه‌وره و دوو دیوه‌خانیان هه‌یه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستان، بۆ هه‌ڕه‌تی قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و كۆنه‌په‌رستی له‌وپه‌ڕیدایه. به ڕاستی شه‌رم و شووره‌ییه، كه‌سانێك لێره و له‌وێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ئیشوكاریان نه‌مابێت و هه‌ر خۆیان نا، سه‌دان كه‌سیشیان به خۆیانه‌وه سه‌رقاڵ كردووه و به فیتی حزب، باس هه‌ر باسی دیوه‌خانی فڵانه شێخ و فیساره كوێخا و برا گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه و تیره و هۆزه‌كانه!
های هووو های.. گه‌لانی دونیا له كوێ و ئه‌م كورده به‌دبه‌خته‌ی له‌مه‌ڕ خۆمانیش له كوێ؟ ئه‌رێ كاكه تۆ تاكو دوێنێكه، كه‌س به گاوانیش نه‌یده‌گرتی، خێره ئێستا لێمان بووی به كوێخا و شێخ و برا گه‌وره‌ی فڵانه هۆز و تیره و عه‌شره‌ت؟! جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌گبه‌تی ئه‌م گه‌له هه‌شبه‌سه‌ره‌ی كورد نه‌بێت، ده‌بێ چ ناوێكی دیكه‌ی لێ بنرێت؟!
دڵنیام ئێستا ئه‌و به‌ڕێزانه و كاسه‌لێس و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان، لێمان ده‌كه‌ونه ته‌قه و به هه‌زار و یه‌ك شتی لابه‌لا تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌ی وتنی ڕاستی و دڵسۆزی شه‌رمی له هاتنه‌مه‌یدانێ كردووه؟! دڵنیابن هه‌تا ئه‌م به‌زمی شێخ و ژیاندنه‌وه‌ی تیره و عه‌شره‌ت و هۆزه، وا له هه‌ڕه‌تی بایه‌خپێدانی حزبدا بێت، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و خه‌مخۆری بۆ وڵات و نیشتیمان له ژێر پله‌ی سفری سیلیزیدا ده‌بێت و حاڵمان له‌مه باشتر نابێت، ئاخر كاتێك مرۆڤه‌كان بنه‌ماڵه و خێڵ و هۆزی خۆیان له نیشتیمان و كورد به گه‌وره‌تر بزانن، ئیتر هه‌تا عه‌شره‌ت و هۆز مابێت، نیشتیمان كیلۆی به چه‌ند؟!
..........
له ئه‌نجامدا دۆڕاندیان..!!
هه‌تا ده‌نگمان تیا‌بوو هاوارمان كرد، پیاوی چاك بن، پیرۆزییه‌كانی نیشتیمان له‌كه‌دار مه‌كه‌ن، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی و حزبایه‌تی خۆتان، زیاتر برینه‌كان قووڵ مه‌كه‌نه‌وه و هه‌رچی چین و توێژی نیشتیمانه دابه‌شی سه‌ر خۆتانی مه‌كه‌ن، خه‌می گه‌وره‌شمان دۆڕاندنی "شار" بوو، وا ده‌ستیان چووه ئه‌مه‌ش و له ئه‌نجامدا شاریشیان دۆڕاند!
ئاخر ئه‌گه‌ر ئێوه ئه‌وه‌نده دیموكراتی و له خه‌می نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی شاردا بوون، بۆچی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ـ له دوای ڕووخانی دیكتاتۆره‌كه‌ی سه‌رده‌م، سه‌دام حوسێنه‌وه ـ عه‌ره‌ب و توركمانی باش، نه‌ك جاشتان له خۆتان نزیك نه‌كرده‌وه و ڕاستگۆیانه ـ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، گوایه پێكهاته‌كانیش مافی خۆیانه ببنه پارێزگار و فه‌رمانڕه‌وایی شار بكه‌ن، ئێ باشه ئه‌گه‌ر وایه كاتی خۆی بۆ واتان نه‌كرد و ئه‌وه‌نده ساڵه كه‌ركوك و هه‌رچی پیرۆزییه‌كانی خه‌ڵكی شاره، هه‌ڕاج و سووك و چرووك، خستتانه بازاڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆتانه‌وه و ده‌رئه‌نجام هه‌موو شتێكتان دۆڕاند، ئه‌وه‌نده ماوه ئێوه‌ش وه‌كو قومارچییه‌كان كاتێك ده‌دۆڕێن بڵێن به ..............ه‌وه.
داخی گرانم چۆن، نیشتیمانێكتان ئه‌تك كرد، ئاواش شارێكتان خه‌ڵتانی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆتان كرد و ئێستاش كه ده‌ستتان له بنی هه‌مبانه‌كه‌وه ده‌رچووه، ده‌تانه‌وێ خۆتان وا نمایش بكه‌ن، كه نه‌دۆڕاون و سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌تان له شاردا په‌یڕه‌و و پیاده كردووه، وه‌لێ منداڵێكیش ده‌زانێت، ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یڵێن و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، هیچ ڕاستییه‌كی تێدا نییه و كورد وته‌نی؛ له ناچاری ده‌بێ به دۆستی دایكمان بڵێین خاڵه!!.. وه‌سسه‌لام..............
رۆژنامەی هەواڵ ژمارە 815
2026/5/15
15/05/2026
ڕووداوەکەى کەرکوک و تەکنیکە نوێیەکانى داعش
موعتەسەم محەمەد
داعش ڕێکخراوێکى تیرۆرستى مۆدێرنە, کە دەڵێم مۆدێرنە مەبەستم ئەوەیە جیاوازە لە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانى پێشخۆى, چونکە هەندێک تەکنیکى نوێى لە کردەوە تیرۆرستییەکانیدا بەکارهێنا پێشتر بەکارنەهێنرابوون.
سەرەتا دامەزرێنەرى یەکەمى ئەم ڕێکخراوە ئەبوموسعەبى زەرقاوى ئەندامى ڕێکخراوى قاعیدە بوو, بەناوى "جماعة الجهاد والتوحید" دەستى پێ‌کرد و پاش بەیعەتدان بە قاعیدە و ئوسامە بن لادن ناوەکەى گۆڕى بۆ "قاعدة الجهاد في بلاد الرافدین", پاشان لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکى تیرۆرستى دیکەدا یەکیانگرت و "مجلس شورى المجاهدین"یان دامەزراند, بە مەبەستى یەکخستنى هەوڵەکانیان و وەک سەرەتایەک بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێکى ئیسلامى. لەدواى کوژرانى ئەبوموسعەب, ئەبوئەیوبى میسرى کە بە ئەبوحەمزەى موهاجیریش ناسرابوو, وەک درێژەدان بە هەوڵەکانى ئەبوموسعەب کارى بۆ دامەزراندنى ڕێکخراوى "الدولة الاسلامیة في العراق" کرد, "ئەبوعومەر بەغدادى"یان کرد بە ئەمیرى ڕێکخراوەکە و ئەبوحەمزە بوو بەوەزیرى جەنگى دەوڵەتەکەیان, هەتا ساڵى (2010) بە بەیعەتدان بە ئەبوعومەر بەغدادى, هەموو بەیعەتەکانى پێشوویان بە ئوسامە بن لادن پوچەڵکردەوە و سەربەخۆییان وەک ڕێکخراوێکى نوێى تیرۆرستى ڕاگەیاند, لەپاش کوژرانى ئەبوعومەر بەغدادى, ئەبوبەکر بەغدادى سەرۆکایەتى ڕێکخراوەکەى وەرگرت و قۆناخى نوێى تیرۆر دەستى پێ‌کرد.
ساڵى (2011) و لەدواى هەڵگیرسانى شۆڕشى خەڵکى سوریا و دروستبوونى بۆشاییەکى فراوانى ئەمنى, ئەبوبەکر بەغدادى ئەو بۆشاییەى قۆستەوە و بزووتنەوە تیرۆرستییەکەى گواستەوە بۆ سوریا, ناوى ڕێکخراوەکەى گۆڕى بۆ "دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ـ الدولة الاسلامیة في العراق والشام" و کورتکراوەکەى "داعش" بوو.
ئینجا بابێینەسەر ئەو تەکنیکە نوێیانەى داعش بەکاریهێنا بۆ پەرەپێدانى تیرۆر, سەرەتا یەکەم ڕێکخراو بوو بەفراوانى پشتى بە ئینتەرنێت بەست بۆ جەمسەرگیرکردن و سەربازگیرى جەنگاوەرەکانى, بۆئەوەش تۆڕێکى فراوانى لە شارەزایانى ئینتەرنێت دروستکرد, لەو ڕێگەیەوە توانى کاریگەرى زۆر لەسەر کەسانێکى دوورەدەست دروستبکات, لە گەنجان و ژنان و منداڵان, ئەوانەى بە ئاسانى دەستى پێیان نەدەگەیشت, داعش یەکەم ڕێکخراوى تیرۆرستى ئیسلامى بوو ژنانى بەکارهێنا لە کردەوە تیرۆرستییەکانیدا, چونکە هەموو ڕێکخراوەکانى پێش ئەو باوەڕیان وابوو کە نابێت ژن بەبێ مەحرەم دەربچێتە دەرەوە و سەفەربکات, بەڵام داعش بۆ پەرەپێدانى کردەوە تیرۆرستییەکانى خۆى لەزۆر بواردا بەکاریهێنان, وەک گواستنەوەى چەک و کۆکردنەوە پارە و کۆمەک و تەنانەت بۆ کردەوەى خۆکوژیش, بۆنمونە بەکارهێنانى "ساجیدە ئەلڕیشاوى" لەکردەوەیەکى خۆکوژی‌دا لە ئوردن, بەڵام بەهۆى نەتەقینەوەى پشتێنەکەیەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئوردنەوە دەستگیرکرا و پاشان لەسێدارەدرا.
یەکێک لەو تەکنیکانەى بەکاریهێنا ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆرستى بوو بەبێ بەکارهێنانى چەک, یان بە بەکارهێنانى چەکى سادەى وەک چەقۆ و تەور و بۆمبى دروستکراوى ماڵان, واتا تیرۆرستەکە خۆى لەماڵەوە و لە کەرەستەکانى بەکارهێنانى ڕۆژانەى ماڵەوە دروستى دەکرد و بەکارى دەهێنا, یەکێکى دیکە لە تەکنیکەکانى بەکارهێنانى ئۆتۆمبێل بوو لەکردەوەى تیرۆرستیدا, واتا تیرۆرستەکە ئۆتۆمبێلێکى بارى بە خێراییەکى زۆرەوە لێدەخوڕى و ملى بە ئاپۆراى خەڵکەوە دەنا و چەند کەسێکى دەکوشت و بریندار دەکرد, داعش لەڕێگەى وتەبێژەکەیەوە "ئەبومحەمەد ئەلعەدنانى" لەڕێگەى تۆمارێکى دەنگییەوە بانگەشەى بۆ ئەو کردەوە تاکەکەسیانە کرد, هانى هەموو هاوسۆزانى ڕێکخراوەکەیدا بۆئەوەى هەریەکەیان لەلاى خۆیەوە و چۆن بۆى دەلوێت هاوڵاتیانى ئەو وڵاتانەى ئەندامى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى تیرۆرن بکوژن, لە تۆمارەکەدا دەڵێت: "بەندەکانى خودا, یەکتاپەرستان, ئەگەر تاغوتەکان دەرگاى کۆچکردنیان بەڕوودا داخستن, دەرگاى جیهادیان بەڕوودا بکەنەوە, کردەوەکانى خۆیان بکەن بە حەسرەت لەدڵیاندا... هیچ خوێنێک پارێزبەندى نییە, بێ‌تاوان بوونى نییە, ئەگەر چەکتان دەست نەکەوت, بە ئۆتۆمبێلەکانتان بیانشێلن!", لەو کردەوانەى بەو شێوەیە ئەنجامدراون لەوڵاتانى ئەوروپادا ئەمانە چەند کردەوەیەکن:
ـ لە (14)ى تەموزى (2016)دا تیرۆرستێکى تونسى بەناوى "محەمەد بوهیلال" توانى ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگر بباتە نێو شەقامێکى تایبەت بە پیادەڕەوى و بەهۆى شێلان بە ئۆتۆمبێلەکەى نزیکەى (86) کەس بکوژێت و نزیکەى (400) کەس برینداربکات.
ـ گەنجێکى دیکەى تونسى بەناوى ئەنیس ئەلعامرى لە (19)ى دیسەمبەرى (2016)دا بە ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگرەوە ملى بە ئاپۆراى هاوڵاتیانەوە نا لە بازاڕى "برایتشایدەربلانس" لە ئەڵمانیا, کە تایبەتە بە فرۆشتنى کەلوپەلەکانى کریسمس و (12) هاوڵاتى کوشت و (70) کەسى بریندارکرد.
ـ ڕۆژى (22)ى مارسى (2017) تیرۆرستێکى هەڵگرى ڕەگەزنامەى بەریتانى بەناوى خالید مەسعود بە ئۆتۆمبێل لەسەر پردى وێستمنستەر لە لەندەن کۆمەڵێک خەڵکى مەدەنى شێلا و (5) کەسى کوشت و (50) کەسى بریندارکرد.
ـ ڕۆژى (7)ى نیسانى (2017) لە ستۆکهۆڵم تیرۆرستێکى ئۆزبەکى بەناوى "ڕەحمەت عەقیلۆڤ" بە بارهەڵگرێکى دزراو کۆمەڵێک هاوڵاتى شێلا و (5) کەسى کوشت و (15) کەسى دیکەى بریندارکرد.
چەند کردەوەیەکى دیکەى لەو جۆرە لە بەرشەلۆنە لە ئیسپانیا دوو ڕووداو لەیەک ڕۆژدا, لە سیدنى لە ئوسترالیا, لە هۆڵەندا و....تاد, ڕوویانداوە.
ئینجا با بێینەسەر ڕووداوەکەى کەرکوک, هەرچەندە وتەبێژەکانى هاتوچۆ چ بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى کەرکوک بێت, یان ئەفسەرە باڵاکەى هاتوچۆى گشتى عێراق بێت, کە سەردانى کەرکوکى کرد و لە ڤیدیۆیەکدا "من تەنها ڤیدیۆکەم بینیوە, نازانم ئەگەر کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى کردبێت", وتى ئۆتۆمبێلەکە سیستەمى ستۆپى تێکچووە و بەهۆیەوە برێکى نەماوە, بەڵام وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ڕوونکردنەوە دەدات, پێش ئەوەى بگاتە بازگەى کەرکوک برێکى نەماوە و وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت لەبازگەکە نەوەستاوە, خودى خۆم لە هەمان ڕۆژدا لە سلەیمانیەوە دەگەڕامەوە و هێشتا تەپوتۆزى ناو بازگەکە نەنیشتبووەوە من گەیشتمە ناو بازگەکە, وەک ئەفسەرە باڵاکەى عێراق دەڵێت لەدواى بازگەکەوە (14) دەرفەتى لەپێش بووە بۆئەوەى ئۆتۆمبێلەکەى بە زیانێکى کەم ڕابگرێتەوە و ئەو کارەساتە نەنێتەوە.
سەرەتا دەبێت لایەنى پەیوەندیدار لە کامێراکانى بازگەکەوە دڵنیابن, ئایا ئەو کەسەى مردووە شۆفێرەکەیە یان ئەوەى ماوە, بازگەکەش بەرپرسیارێتییەکى گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ چونکە هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتۆتەبەر, وەک پێشتر وتم خودى خۆم بەدواى ئۆتۆمبێلەکەوە گەیشتمە ناو بازگەکە و هیچ شڵەژان و شپرزەییەکیان پێوە دیارنەبوو, لانى کەم دەبوایە شوێنى بکەون و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ناوشار ئاگاداربکەنەوە, هەتا پێش ئەوەى بگاتە ناو بازاڕ پێشى پێبگیرێت, بازگەکە ئەوەیان نەکردووە.
دەبێت لێکۆڵینەوەى ورد لەوکەسە بکرێت کە لەناو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەدا بوو, کوڕى شۆفێرى بارهەڵگرەکە بۆئەوەى دڵنیابن لەوەى پەیوەندى بە ڕێکخراوى داعشەوە نەبووە, یان کەسێکى هەڵگرى بیرى توندڕەوى و پەڕگیرى ئاینى نییە.
زانیارییەکان لەبارەى کردەوە تیرۆرستییەکان و تەکنیکەکانى داعشەوە لە کتێبى "داعش شرعنة التوحش" وەرگیراوە, نوسینى وەفاء صندى, لە لایەن موعتەسەم محەمەدەوە کراوە بە کوردی .................
رۆژنامەی هەواڵ ژمارە 815
2026/5/15
Click here to claim your Sponsored Listing.
Category
Website
Address
Kirkuk
36001