Kurd Video
16/05/2026
لە بەغدای پایتەختی عێراق، کچێکی تەمەن 15 ساڵ لەبەر ئەوەی مێردی بە ئامۆزا 60 ساڵەکەی نەکردووە، کوژرا.
دوای کوشتنەکەی خانەوادەکەی لە جیاتی پرسە، بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ و خۆشی دەردەبڕن.
کەوسەر بەشار حسێجاوی، کچێکی تەمەن 15 ساڵان، لەبەرئەوەی رازی نەبوو بە زۆر بەشووبدرێت، لەلایەن خێزانەکەیەوە، کوژرا. کەوسەر، دانیشتووی ناوچەی نەهرەوانی رۆژهەڵاتی بەغدا بوو.
دوای ئەوەی کەوسەر گوشارەکانی خێزانەکەی بۆ بەشوودانی بە زۆر رەتکردەوە، ماڵی بەجێهێشت، بەڵام دواتر گەڕایەوە. دوای گەڕانەوەی، لە رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، مامێکی بردوویەتییە شوێنێکی دوورەدەست و بە پاساوی "شەرەف" کوشتوویەتی.
دوای کوژرانی، خێزان و کەسوکارەکەی نەک هەر پەشیمان نەبوون، بەڵکو بە گوتنەوەی گۆرانیی میللی (الأهازيج الشعبية) ئاهەنگیان بۆ مردنەکەی گێڕاوە و گرتەی ڤیدیۆیی خۆشییەکانیان بڵاوکردووەتەوە.
لەبەرامبەر ئەم تاوانە گەورەیەدا، حکومەت ناتوانێک هیچ کەسێک دەستگیر بکات و لێپێچینەوەش لە بکوژ ناکرێت، چونکە ئەمە لەلایەن عەشیرەتەوە کراوە. عەشیرەتەکانیش لە عێراق زۆر دەستەڵاتدارن، بەتایبەت دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق لە 2003، عەشیرەتە عەرەبەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بوونەتە خاوەنی 7 ملیۆن پارچە چەک، ئەمەش وایکردووە بەشێوەیەکی مافیایی بژین و حکومەت و پۆلیس ناتوانن تۆمەتباران دەستگیر بکەن.
کوشتنی ژنان بە پاساوی "شەرەف" یەکێکە لەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە لە عێراقدا بەربڵاوە. بەپێی ماددەی 409ـی یاسای سزادانی عێراق، سزای ئەو کەسانەی بەم پاساوە تاوان دەکەن، زۆر سووکە و لە سێ ساڵ بەندکردن تێپەڕ ناکات، ئەمەش وایکردووە رێگری لە زیادبوونی تاوانەکان نەکرێت.
ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ساڵانە نزیکەی 150 بۆ 200 کچ و ژن لە عێراق بە ناوی "شەرەف"ـەوە دەکوژرێن، لە کاتێکدا ژمارەی راستەقینە لەوە زیاترە، چونکە زۆربەی تاوانەکان پەردەپۆش دەکرێن و تۆمار ناکرێن.
Click here to claim your Sponsored Listing.
Category
Contact the public figure
Address
Irbil
44001